ناوهڕۆك
ژیانی كامەران موكریانی
ناوی (محەمەد ئەحمەد تەھا)ـیە، لە ساڵی ١٩٢٩ز لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، خوێندنی تا پۆلی كۆتایی ئامادەیی بوو، بەڵام لەبەر چەند ھۆیەك تەواوی نەكردووە. لەنێوان ساڵانی ١٩٤٩-١٩٦٣ز شەش ساڵ بوھۆی ھەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانەی و نەتەوەیی خوازیەوە لە بەندیخانە دەست بەسەر ماوەتەوە.
ماوەیەكی زۆریش لە بەشی كوردی زانكۆی سلێمانی و (سەلاحەدین) مامۆستای ئەدەبییاتی كوردی بووە، تا ١٩٨٦/١٢/٧ لە شاری ھەولێر كۆچیدواییكردووە و گیانی پاكی بە خاكی پیرۆزی كوردستان سپارد.
تا لە ژیان دابوو حەفت دیوانە شیعری چاپكراوە، لە نێوان ساڵانی (١٩٥٤-١٩٧١)ز دیارترینیان دیوانەكانی (ئاشتی، دیاری، ئاگر، ژیلە، گوڵاڵە سورە)ـن، دوای مردنیشی، لە ساڵی (١٩٨٧)ز سەرجەمی شیعرەكانی بەناوی دیوانی (كامەران موكری) چاپكرا. كامەران موكری جگە لە شیعر نووسین چیرۆكنووسیش بووە.
مەبەستەكانی شیعری كامەران
١- نەتەوایەتی و مرۆڤ دۆستی:
بەشێكی زۆری ھۆنراوەكانی موكری ھۆنراوەی نەتەوەیین، دیارە شاعیر بەو ھەستە ناسكەی كە ھەیەتی، وەك مرۆڤێكی نەتەوەخواز ھەڵوێست لە بەرامبەر چەوساندنەوەی نەتەوەكەیدا وەردەگرێت، كۆمەڵێك ھۆنراوەی ھەن، كە نمونەی بەرزی ھەستی نەتەوایەتییان تێدا بەدیدەكرێت و ئەمە دەردەخەن، كە موكری شاگرد و خوێندكار، قوتابخانەی پیرۆزی كوردایەتییە و وەك شاعیرێكی ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەیی پیشاندەدا ژیانیش لای ئەو ھەر تێكۆشان و خەبات لە ڕێی كوردستانە.
ژین لە لای دڵسۆز ھەرتێكۆشانە
ھەوڵە بۆخاكی ئەم كوردستانە
خۆزگە ئەندازەی ژیان و تەمەن
تێكۆشان بوایە بۆ خاكی وەتەن
ئاخۆ تەمەنی كام دڵسۆزی كورد
لەچوار پێنج ساڵێ، تێپەڕی ئەكرد؟!
لە تەوەرەیەكی تريش تەریب بە تەوەری كوردایەتی، كامەرانی شاعیر، دڵسۆز و ئەمەكدار بووە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، دەربڕی ناخی مرۆڤی كورد بووە، لەم لایەنەوە، ھەر بۆیەش بوو كە خەباتی گەلی جەزائیری لە دژی داگیركەری فەرەنسایی بە خەباتێكی ڕەوا داناوە لێرەوە دەنگی شۆڕشگێڕانەی مرۆڤی كوردی داوەتە پاڵ خەباتی ئەو گەلە و لە پارچە ھۆنراوەی (ئەی جەمیلە) ئەم ھەستە پیرۆزەی دەربڕیوە.
ئەی جەمیلە
سڵاو لە ئاگر و ژیلە
لە حەیرانا، لە لاوكا
كاتێ كچ لەگەڵ، باوكا
ھەڵمەت ئەبەن بەرەو مردن
بەرەو قەڵای سەختی دوژمن
لە ھێرشی سەركەوتنا
لە كاتی بۆ گەل، مردنا
كاتێ لە نزار، لە مەڵبەن
ئەمانسوتێنن بۆ وەتەن
ناوت وەكو وشەی نەمر
ئەڕژێتە ناو گەرووی ئاگر
ئەی جەمیلە.....
سڵاو لە ئاگر و ژیلە
٢- خۆشەویستی
مەبەستێكی تری شیعرەكانی كامەران، دڵداری و ئەڤیندارییە، دیارە ئەم ھەستەش ھستێكی مرۆڤ دۆستی لە دەروونێكی پڕ سۆز و ناسكەوە سەر ھەڵدەدات و نمونەی بەرزی ھەستی مرۆڤایەت دەنونێت.
كە پرچت ئاڵان لە گەردن
گڕت بەردا لە دڵی من
كە پەرچەمت ڕشتە سەر ڕوو
ئاگر لە دەروونم بەربوو
ئەی زۆرداری جوانی بچوك
تكایە كچی ئێسك سوك
٣- وەسفكردن
ئەم مەبەستەش یەكێكە لە مەبەستە گرنگەكانی شیعری موكری. كامەران ھەستێكی بەھێزی بەرامبەر جوانی سروشت و دەوروبەر ھەبووە، یەكێكە لەو شاعیرانەی، كە جوانی سروشتی وڵاتەكەی خۆیان دەپەرستن، لەم لاینەوە زیاتر بە لای شاعیرە كلاسیزمەكاندا دەچێت، زۆر جار وا بووە جوانی سروشتی تێكەڵ بە جوانی ئافرەت و كچی كورد كردووە و تابلۆیەكی ھەرە جوانی شاعیروای دەكرد، كە ھەر دیمەنێكی جوان، جۆرە ھەڵوێستێكی لەلا دروست بكات.
كەژو دارستانی كپی
پۆشیویانە بەرگی سپی
قوبەی پیرۆزەیی ئاسمان
بە پڕشنگی گزنگی ئاڵ
داوێنی كەژی ئەنەخشان
وەك ئەگریجە ئەبوو پەخشان
دێیەك، لە باوەشی كەژا
بزەی گەرمی لێ ئەڕژا
ڕوخساری شیعرەكانی
- بەكارھێنانی كێشی پەنجەی خۆماڵی كامەران یەكێك بوو لەو شاعیرانەی كە بەرگی تازەگەریەتی كردەوە بەر باڵای شیعری كوردییەوە، پەنای بردە بەر كێشی ڕەسەنی خۆماڵی و خۆی ڕزگاركرد لە كۆت و داوی عەرووزی عەرەبی، بۆیە شیعرەكانی مۆسیقایێكی كوردانەیان تێدایە و لەگەڵ ھەست و ئارەزووی مرۆڤی كورد دەگونجێن، نمونە شیعرەكانی پێشوو، كە ھێنامانەوە ڕاستی ئەم بۆچوونە دەردەخەن.
- كەم بەكارھێنانی وشەی بێگانە لەم لایەنەشەوە كامەرانی شاعیر بەڕابەر دادەنرێت، تا پێیكراوە خۆی لە بەكارھێنانی وشەی بێگانە دوورخستۆتەوە، لەجیاتی ئەوان وشە و پەیڤی ڕەسەنی كوردی بەكارھێناوە، وەكو مەلەوانێكی بەتوانا لە دەریای زمانی كوردی دا مەلەیكردووە. خوێندنەوەی نمونەكانی پێشوو ئەم ڕاستییە دەچەسپێنن.
- خۆنەبەستنەوە بە سەروای یەكگرتوو بەكارھێنانی جوت سەروا ئەم دیاردەیەش یەكێكە لە سیما جیاكەرەوەكانی شیعری كامەران موكری و لایەنێكی تازەگەریش پیشاندەدات، كامەران ھیچ كاتێك خۆی بە سەروای یەكگرتوو كۆتنەكردووە و واتای بە قوربانی سەروانەكردوە، بۆ نمونە لەم چەند دێرە شیعرەی خوارەوەدا ھەردوو نیوە دێڕ، یەك سەروایان ھەیە، واتە جووت سەروای بەكارھێناوە.
ڕوومەتی وەك گوڵی بێگەرد
قژی خاو، ئاوریشمی زەرد
چاوی كاڵ، ئەگەر چی نەرمە
بەڵام نیگای ئێجگار گەرمە
باڵای وا، دەمێكی وا تەنگ
ئەندامی ئاوا شۆخ و شەنگ
نەبووە، یا من نەم دیوە ھەر
لەو چەشنە بەژن، یا كەمەر